سوڕەتی فاتیحە
پێناسەی ئەم سوورەتە:
(واتە: دەسپێکی قورئان)
پێناسەیەکی ئەم سوورەتە:
1- سوورەتی (فاتیحە) سوورەتێکی مەککییە.
2- ژمارەی ئایەتەکانی سوورەتی (فاتیحە) (7) ئایەتە.
3- سوورەتی (فاتیحە) لە دوای سوورەتی (المدثر) دابەزیوە.
4- لە ڕیزبەندی قورئانی پیرۆزدا سوورەتی (فاتیحە) بە یەکەم سوورەت دێتەوە.
تەوەرەکانی ئەم سوورەتە
تەوەرەکانی ئەم سوورەتە پیرۆزە بریتییە لە بنچینەکانی دین و بیروباوەڕ و لە عیبادەت و شەریعەت و باوەڕبوون بە ڕۆژی دوایی و ناو و سیفەتەکانی خوای گەورە بە تەنها دانانی خوای گەورە وە هەروەها داواکردنی هیدایەت و ڕێنومایی لە خوای گەورە بۆ ڕێگای ڕاست و دامەزرابوون لەسەر ئیمان و باوەڕ و ڕۆیشتن لەسەر ڕێبازی پێغەمبەران و دورکەوتنەوە و پەنا گرتن لە ڕۆیشتن لەسەر ڕێگای ئەوانەی کە غەزبەیان لێ گیراوە و گومڕا بوونە.
فەزڵ و گەورەیی ئەم سوورەتە
سوورەتی فاتیحە فەزڵی زۆرەوە فەرموودەی زۆری لەسەر هاتووەوە، گەورەترین سوورەتی قورئانە وە خوای گەورە نە لە تەورات و نە لە ئینجیل و نە لە زەبوور و نە لە فرقان هاوشێوەی ئەم سوورەتەی دانەبەزاندووە وە نووری ڕووناکییە وە بە خوێندنی ئەم سوورەتە پەیوەندی و موناجات دروست دەبێت لە نێوان بەنـدە و خوای گەورەدا وە هەرکەس نوێژ بکات و ئەم سوورەتەی تێدا نەخوێنێت ئەوا نوێژەکەی بەتاڵە، وە ڕوقیەی شەرعییە و بە ویستی خوا دەبێتە شفا وە هیچ پێغەمبەرێک پێش پێغەمبەری خوا ﷺ پێی نەبەخشراوە وە پێغەمبەری خوا ﷺ پێی بە (أم القرآن، وأم الكتاب، والسبع المثاني، والقرآن العظيم، وفاتحة الكتاب) ناوی بردووە، هەروەها (سورة الحمد، والصلاة، والرقية) یشی پێ دەوترێت.
تەفسیری سورەتی فاتیحە
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ (١)
(بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ) بۆ جیاكردنەوەی سوورەتەكانە وە پێغەمبەری خوا ﷺ نەیدەزانی سوڕەتەكان لێك جیابكاتەوە تا بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِیمِ دادەبەزی واتە: بەناوی خوای بەخشندەی بەسۆزی میهرەبان .
[ - سورەتی الفاتحة - ئایەتی ١].
الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (٢)
(ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ) حەمدو سەناو ستایش بۆ پەروەردگارو بەدیهێنەرو بەڕێوەبەری هەموو جیهانان، كە ئەمەیش فەرمانكردنی تێدایە بۆ بەندەكان بە حەمدو سەناو ستایشی خوای گەورە، چونكە باشترین دوعایەو خوای گەورە خۆشی دەوێت .
[ سورەتی الفاتحة - ئایەتی ٢].
الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ (٣)
( ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ ٣) ئەو خوایەی زۆر بەڕەحم و سۆزو بەزەیی و میهرەبانە، دوو ناوی جوانی خوای گەورەن، سیفەتی رەحمەتیان تێدایە، بەڵام (الرَّحْمَن) زیاتر لەبەر گشتگیری رەحمەتەكە بۆ سەرجەم دروستكراوەكان و بۆ دونیاو قیامەتە، بەڵام (الرَّحِیم) تایبەتە بە باوەڕداران لە رۆژی قیامەتدا .
[ سورەتی الفاتحة - ئایەتی ٣].
مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ (٤)
( مَٰلِكِ يَوۡمِ ٱلدِّينِ ٤) خاوەنی ڕۆژی سزاو لێپرسینەوەو قیامەتە، چونكە لەو رۆژەدا كەس بانگەشەی هیچ شتێك ناكات و كەس بەبێ ئیزنی خوا ناتوانێت قسە بكات .
[سورەتی الفاتحة - ئایەتی ٤].
إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ (٥)
( إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ ٥) ئەی پەروەردگار هەر تۆ تایبەت ئەكەین بە پەرستن و جگە لە تۆ كەسی تر ناپەرستین، وە هەر تۆ تایبەت ئەكەین بە داوای یارمەتی كردن و داوای یارمەتی لە جگە لە تۆ ناكەین .
[ سورەتی الفاتحة - ئایەتی ٥].
اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (٦)
( ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ ٦) ئەی پەروەردگار هیدایەتمان بدەو ڕێنماییمان بكە بۆ ڕێگای ڕاست وە بەردەوامیمان پێ ببەخشە لەسەر ڕێگای ڕاست كە ئیسلامە، وە ئەبو عالیە فەرموویەتی: رێگای راست پێغەمبەری خواو ﷺ ئەبو بەكرو عومەرە (خوایان لێ رازی بێت) .
[ سورەتی الفاتحة - ئایەتی ٦].
صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ (٧)
( صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ وَلَا ٱلضَّآلِّينَ ٧) ڕێگای ئەو كەسانەی کە نیعمەتی خۆت ڕژاندووە بەسەریاندا لە پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیدان و پیاوچاكان كە ئەوانە باشترین هاوەڵن، نەك ڕێگای ئەو كەسانەی کە غەزەبت لێ گرتوون و لێیان تووڕەبووی كە جوولەكەن چونكە زانیاریان هەبوو بەڵام كاریان پێ نەدەكرد، وە نە ڕێگای ئەو كەسانەی کە وێڵ و گومڕاو سەرگەردان بوون كە گاورەكانن چونكە بە نەزانی و بێ زانیاری كاریان دەكرد.
[ سورەتی الفاتحة - ئایەتی ٧].
( آمِينَ) واتە: خوایە ئەم دوعایانەمان قەبووڵ بكە.